2015/05/26

هاو سەفەر

نەمزانی بۆ تەنیاییم ئەبیت بە فرمێسک و ژان
لە چاوما بەجێم دێڵی و ڕێ ئەگری بێ ناونیشان
بۆ هەنسکی بە سۆزم ، نەبویتە هاوسەفەرم
نەبویت بە ئەستێرەیەک ، منیش بتدەم لەسەرم
وەکو بەفر هاتیت و لە ناخما توایتەوە
شیرین دەستم بۆ بردیت ، تاڵی بووی نەخورایتەوە
وەکو باران ، ڕژایتە ، ناو پشکۆی ناخ و هەستم
بادەی ئەم عەشقەم نۆشی ، بۆیە لایتۆ بەدمەستم
چەخماخە و بروسکەی تۆ ، دنیای بۆ ڕوناک کردم
بەڵام چیبکەم ، بە تیشکی ، ساتێک ڕوناکیت مردم
وەک ڕۆژی تەم و خومار ژینت کرد بەم خومارە
هەرچی ڕابوورد بە جارێ وەک ڕەنجی من خەسارە
تەنیا هەنسکی حەزین دوا سەرنجی ئەشکانە
ئێستا لە گۆشەی دڵتا کێی تر وەک من میوانە

گێژاوی عەشق

دڵەی شێتم بڕوا مەکە بە دڵداری و سروەی ئەوین
خۆت مەدەرە بەر گێژاوی خۆشەویستی و ژان و گرین
حەزی وێڵت بەکەس مەدە لە سادەیی خۆت مەڕوانە
لە دەروازەی هەر دڵێک بەیت ، ئەمڕۆ بەشت دڵشکانە
ئەو پەیمانەی تۆ ئەینۆشی ، تۆزلێنیشتوی خاک و خۆڵە
دڵێک بۆتۆ نەسوتاوە بۆیە ماڵت سارد و چۆڵە
نەکەی خەمت بئاڵێنی بەسەر ژانی بێداریما
سەفای خۆشی بڕەوێنی لەگەڵ هەموو بێزاریما
بە ئاگری پەنهانی خۆت خوێنی جەستەم مەسوتێنە
لەژێر پێی هەنگاوی زەمەن بە ئارامبە و مەناڵێنە
ئیتر بەسە دڵەی شکاو بەختی خۆتە بۆ جودایی
لە خەرمانی هەنسکی تۆ هەر با ئەیبا بەخۆڕایی
دواخۆزگە

خۆزگە تەنیا هەناسەیەک وەکو جاران ئەگەشتم پێت
تا بزانی کە ڕێگاکەم بۆنی غەریبی تۆی لێدێت
وانەزانی ئەوەی کە ڕۆی بە ئاسانی بڕایەوە
پشکۆی دووریت ، ئەوەندەی تر ، یادەکانمی گڕدایەوە
لە هەر لایەک گوزەر ئرکرم هەر ناوی تۆ دێتە بەر گوێم
لەبەر دوریت کەس نابینم ، بەبێ ئاگا هەنگاو ئەنێم
لە ئاوێنەی خەیاڵمدا تۆ ئەو ڕەنگەی کە لەچاومای
گەر بەڕاستیش تۆ نەبینم هەموو شەوێک تۆ لەخەومای
تەماشاکە دەنگی شعر و هاواریش کش و ماتە
چونکە تینوی دیدارێکن ، بەڵام ڕێگەم بێ ساباتە
لەگەڵ هەموو چرکەیەکدا ، کزەی ڕۆحم ئەنێرمە لات
لە پایزیش گەڵای عومرم گەر هەڵوەری دێتە بەر پات

شنەی عەشق

وات ئەزانی کە جێت هێشتم ئیتر ئەوین ئەتوێتەوە
باخی دڵم تیبووی ئەبێ ووشک ئەکا و ئەبڕێتەوە
وا تێنەگەی لەپاش کۆچت کاردانەوەم هەر گریانە
دوا هەناسەش لە دەرونما بۆ سەرنجت وەک زریانە
نا باوانم خۆشەویستی خوێنبەرێکە و لە دڵمایە
ئاودامانی عەشقی پاکم ئاوێتەیە و لەگەڵمایە
وا نەزانی وەکو جاران بۆ جێژوانت پەرێشان بم
لە ناخەوە بمهەژێنێ وەک خەڵوەتی دەروێشان بم
هەرگیز ناڵێم تۆ ئەوینی کازیوەی بەر بەیانم بووی
ئەو ڕۆژانەش بژار ئەکەم کە هاودەمی ژیانم بووی
کە مردیشم سۆزی عەشقم وەکو باران ئەکا شەستە
لە گشت کوچەو کۆڵانێکا پڕ ئاوازە و ئەڵێ بەستە

گەڕانەوە

گەر ئەمجارە گەڕایتەوە ، لەگەڵ باران نم نم وەرە
بـا)ی سەرشێتی تێڕوانینم ، بۆ شۆڕەبی پرچت بەرە)
لە پاییزی چارەنوسا گەڵایەکم بێناونیشان
ئەستێرەی گریاوی منە ، بۆت ئەڕوانێ شەو درەنگان
دە وەرە با وەک باو بۆران سۆزی دڵمان بۆ یەک بەرین
لە لێواری دەریای عەشقا ، با هەمیشە بۆ یەک بژین
ئەم سەفەرە گوڵێک بێنە و وەکو بەهار یدارم کە
بە گوڵاوی خۆشەویستیت هەناسەیەک تیمارم کە
لەو ساتەوەی لەتۆ دورم ڕۆژی ڕونم شەوی تارە
وا هەمیشە لەبەر تۆیە وەرزی عومرم بێ بەهارە
ئێستاش تەنیا هەتاو ئاسا چاو ئەگێڕم تا ئێوارە
بێ تۆ شەویش ئارام ناگرم ، کەپری خەوم هەر بێدارە

ئاوێنەی خەمبار

تۆ کچێکی بەهاری بووی ، منیش کوڕی گەڵاڕێزان
خۆ دەتزانی کە گوڵ نابێت بە هاودەمی وەرزی خەزان
ئەی بۆ هاتیت ، وەکو خۆری چاو بەنازی لای ئێوارە
کە دەتزانی لەسەر کۆچی و ئۆقرە ناگری لەم هەوارە
تۆ لە خەونی منا نەبوویت ، چۆن هاتیتە ناو چاومەوە
وەکو گڕی شەڕابی سور ، ڕژایتە ناو هەناومەوە
بۆ کوێت بەرم ، کۆشکی بەرزم لەناو لەپی دەستم دایە
ئەو ڕۆژانەی کە من هەمن ، زۆر جار خۆریان لێ هەڵنایە
من پەنجەرەی ژورەکەشم ، باوەش بۆ (با) ناکاتەوە
هەر تەنیایی دەستم دەگرێ و بەرەو لای خۆی دەمباتەوە
دڵم وەکو ئاوێنەیەک تەمێکی لێڵ دایپۆشیوە
عومرم وەکو تاکە دارێک تا دوا گەڵای هەڵوەریوە

ئەستێرەباران

تەرزەی خۆشەویستی تۆ ، خەمی دڵی وەراندم
لە شەوی تەنیایما ، چرای بۆ داگیرساندم
بەهەشتی ئەم عەشقەی تۆ ، پڕ لە ئاه و ئاواتە
دیارە تەمەن بێ ئەوین ، وەک ڕێگەی خەراباتە
دەروازەی چاوەڕوانیم ، غەریبی تۆی لێ دیارە
دڵم بۆ دیداری تۆ هەمیشە پڕ ئازارە
لەو ساتانەی لێم دوری ، ڕۆژی ڕونم شەوگارە
بەڵام کاتێک ئەتبینم ، پایزم لا بەهارە
لافاوی سەرنجی تۆ ، خەمی دڵم لائەبا
وەک و شەماڵ دیدەنی باخێک وەنەوشە ئەکا
بێجگەلە خۆشەویستیت ، بێ سەمەرە ئەزیزم
وەکو گەڵای هەڵوەریو هاوسەفەرە پایزم

غەریبیتان

غەریبیتان فرمێسکێکە و لە چاو ئەکات ماڵئاوایی
بە دوریتان ژورەکەشم پڕ پڕ بوە لە تەنیایی
غەریبیتان تیشکی خۆری ناو ڕوبارە و ئەدات لە ڕووم
تەمەن تاسەی ئێوە ئەکات ، بەبێ ئێوە بەساڵا چووم
قەدەر نەیهێشت بارانێک بین لەگەڵ یەکا گیان بسپێرین
وەکو ڕێگای مناڵیمان هەنگاو بۆ لای یەک بژمێرین
من درەختی پایز نەبووم ، ئێوەش گەڵا لە من بڕۆن
کام ڕەشە با ئێوەی فڕاند بەو زریانە وا خول بخۆن
لە ئاوێنەی باخێکەوە نەمانتوانی چرا هەڵکەین
وەک شەقامی دەمە و مەغریب ، لە ڕوناکی خۆمان پڕ کەین
چاومان لە ڕێی چاوەڕوانی و دڵمان لە ڕێی گەڕانەوە
وەک شەونمی بەر مانگەشەو بەدەمم نیگای ئاسمانەوە
تەم و مژی غەریبیتان هەیوانەکەی داپۆشیوم
وەکو گوڵی ناو گوڵدانێک لە شەماڵی دابڕیوم

فرمێسک باران

دە لێم گەڕێ تازە عەشق ڕێم بۆ ڕۆشن ناکاتەوە
بەختم گەڵای بندارێکە و تازە بە چڵ ناگاتەوە
من سێبەری درەختێک نیم کە خۆر نەما بەجێم بێڵێ
خۆشەویستی وشکی کردوم ، ئیتر دڵم بۆ ئەکێڵی
تۆ لە جوانی ناسکتری دەستی کورتم ناگا بەتۆ
لە لای من هیچ بەدی ناکەی ، دە وازبێنە و فریو مەخۆ
خۆ من کانی سەرە ڕێ نیم تینووی ڕێگەی تۆ بشکێنم
چیت لێم ئەوێ کە ئەزانی سیروانیش بم وشکی دێنم
گەر چی باخی شعرەکانم وەک شێوەی تۆ گوڵبارانە
بەڵام چی بکەم پێکەنینم لەژێر هەوری خەمبارانە
تۆ بەهەشتی عەشقت ئەوێ منیش وێرانەیە ماڵم
دە وازبێنە ئازادم کە با بۆ عەشقی تۆش نەناڵم
وێڵی ڕوخساری م مەبە شاعیرێکم بێ ناونیشان
جەستەم نوقمی تەنیاییە و وەرزی شیعرم گەڵاڕێزان
هەرگیز نەکەی عاشق ببی بە ڕوخساری نا دیارم
هەر چوار وەرزی من پایزە و من هەمیشە بێ بەهارم
بڕۆ گوڵێ ، لە من دور بە ، ا پشکۆی خەم نەتسوتێنێ
نەک ڕوباری نەهامەتیم لەگەڵ خۆیا بتفڕێنێ

عاشقان

وەرن وەرن عاشقان ڕوو بکەینە مامە یارە
سەردەمێکە دابڕان ئەبارێ  لەم بەهارە
عاشقانی دڵشکاو هانا بۆ یەکتر بەرن
ڕەشبەڵەکی لێ ساز کەن وەک ملوانکە هەڵپەڕن
ڕۆحی گۆران میوانکەن بۆ وەسفی عەشقێکی پاک
دێوانە بۆ شەم بژی و نالی بۆ حەبیبەی تاک
دەبا پەلکە زێڕینەتەسریحەی ڕەنگاڵە بێ
سەر چۆپی وەنەوشەی ئاڵ ڕازاوەی ئەم یاڵە بێ
لەگەڵ نازی پەنهانی ساتێک وەرە و بمدوێنە
چرای خۆش بەختی ژیان لە ڕێما داگیرسێنە
بۆ سەرنجی باڵای تۆ بێ ئارامە چاوی من
هەرگیز لێت خامۆش نابێ ، عەشقی داگیرساوی من
چاوت وەکو خۆرەتاو پڕشنگی لێ ئەبارێ
لارو لەنجەی سەرەڕێت شۆخ و شەنگە بەجارێ
بەرگی سادە و ساکارت  نەخشاوە لەخۆت جوانە
وەرە هەناسە و دیدەم ئەمە وەرزی ژوانە

2015/05/25

ئاوێنەی عەشق

کە ئاوێنەی عەشقی تۆ بووم
....بە چەخماخەی دڵ و چاومان لە یەکمان دا 
دوو کۆتری سپی سڕ بووین
...بەم ئەوینە ، بۆ یەکتری لەباڵمان دا
!شەپۆلی خەمی ئەوینم ، لەگەڵ عەشقت دەستی پێکرد
!خەمی دوریت زەردەخەنەی لەسەر لێوی منا ئەبرد
هێندەی دەریا شەپۆل ئەدەم ، تاکو بگەمە کەناری تۆ
گەڵاڕێزان لە من باری نەمدی سایەی ژێر داری تۆ
هێشتا چرۆی باخی عەشقم سەوز نەبوو ، تۆ جێت هێشتم
سادە و ساکار بووم بۆ نەخشەت ، تاڵی و سوێری ڕێت پێ چەشتم
دەریای دڵم هەموو ساتێ پڕ نهێنی ڕازی تۆ بوو
چاوانیشم پڕ سەرنجی ساز و سەفای نازی تۆ بوو
ئێستاش عەشقم وردە گەڵای بێ ناز کەوتوی بێ سامانە
لای تۆش چەمی سەر هەڵگرتووی ژێر بارانی بەهارانە
وتم مەڕۆ ، تەنیام مەکە و خەندەی ڕۆحم مەتارێنە
گەر ڕۆیشتی ، تەرزەی ڕقت لەسەر عەشقم مەبارێنە
وتم مەڕۆ ، بەهار دێت و خونچەی باغم بۆت ئەپشکوێ
هەر چەند ڕۆشتی بەڵام نەتوت بێوەفایی ئەبەی بۆ کوێ

عەشقباران

لەو ڕۆژەوەی عەشقباران خەمی ئێمەی گرتە ئەستۆ
ڕەنگی دوری یەکمان لێ نیشت ، تۆ بۆ من و منیش بۆ تۆ
 چاوەڕوانیت غوربەتێکە ئاڵاوەتە تێڕوانینم
بێ ڕەنگاڵەی خۆشەویستیت ئارێزێکی پڕئەسرینم
بۆچی نایەی وەک خۆرەتاو لێم ڕۆشن کەی ژینی تارم
وەکو شنەی بێ وەنەوشە دێم و دەچم ڕەنج خەسارم
ڕێگەی دوورم یادی تۆیە مەڕۆ نەبا نەتبینمەوە
تۆ بارانی بۆ پشکۆی دڵ بڕژێرە نێو ئەوینمەوە
دە بڕوانە هەردوو دیدەم سیاپۆشی ڕەنگی تۆیە
رێگەم بەرەو تەنیاییە و دڵم کەیلی دەنگی تۆیە 
دەسا وەرە و لەم غرووبە دەرم بێنە بە یەکجاری
لە دووری تۆ گۆشەگیرم ئاودامانم لە بێزاری 


تەمەن

ئەی تەمەنی پڕ ئەسرینم ، ئەڕۆی ئاوڕ نادەیتەوە
لەگەڵ هەموو هەنگاوێکتا ، لە عومری من ئەسڕیتەوە
خۆزگە منیش وەک پەپولە ، گشت تەمەنم وەرزێک بوایە
دور لە خەم و تاڵی ژیان ، تەنیا گوڵم بناسیایە
ڕێگام سەودای تەنیاییە و ، کەسێک نایەت بۆ سەردانم
ئیتر چیببکەم لەم تەمەنە ، کە لەهەمووی پەشیمانم
لە گریانی مناڵیما ، پێکەنینم بە خەم ئەهات
کەچی ئێستا خەم دەریایە و، بۆ کەنارم شەپۆل ئەدات
لە سەد جارا تەنیا جارێ ، زەردەخەنە دێتە میوان
وەک سێبەری لای ئێوارەی خۆرنشینی دار ئەرخەوان
ئەی هاوڕێیان چاوم نوقمی ، نیگارێکی پڕ بەهارە
تاسەم وەری بەڵام هێشتا ، خۆشەویستیم هەر بێدارە
ئێستاش گەڵای عومری گەنجیم ، وەکو پایز هەڵوەریوە
کێ وەکو من تەم و غوبار ، پەنجەرەکەی داپۆشیوە